۱۳۹۴ فروردین ۲۵, سه‌شنبه

هەڤپەیڤین: لەگەڵ خاتوو نێژۆ وەفا


ئاماژه‌: ژنانی ره‌وه‌ندی کورد و ژیانی کۆمه‌لایه‌تیان رۆژ له‌ دوای رۆژ له‌گه‌شه‌سه‌ندندایه‌ و پێگه‌یه‌کی دیکه‌یان به‌ نسبه‌تی دنیای مۆدیرن و جیهاندا هه‌یه‌ و ده‌لاقه‌یه‌ک به‌ دوور کولتووری پیاوسالاری و کۆت و به‌نده‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌روودا کراوه‌ته‌وه‌، به‌لام ئه‌م به‌ستێنه‌ هێشتاکه‌ نه‌یتوانیوه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست بکات له‌ ناو ژنانی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌دا و نه‌بۆته‌ هه‌وێنی زۆر گۆرانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئاست بنه‌ماله‌و کۆمه‌ڵگه‌ی ره‌وه‌ندی کوردی و هێشتاکه‌ ده‌بیستین و ده‌بینین توندوتیژی بنه‌ماڵه‌یی و په‌راویزخستن و شه‌رمنی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ مه‌یدانی چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێوان ژنانی کورد به‌ تایبه‌تی به‌دی ده‌کرێ و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ خۆنه‌گونجاندن له‌گه‌ڵ کولتووری رۆژئاوا بۆته‌ یه‌کێک له‌ کۆسپه‌کانی به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندن و ته‌نانه‌ت تێکچوونی شیرازه‌ی بنه‌ماڵه‌و شپرزه‌یی فه‌رهه‌نگی. له‌م ده‌لاقه‌وه‌ وتووژه‌که‌ ده‌ست پێ ده‌که‌ین:

 

هەڤپەیڤین: جەلال کیشوەردووست

 

 

Macintosh HD:Users:FamilieMustafa:Desktop:IMG_3078.JPG

بیووگرافی

 ناوم نێژۆ وەفا فەریاد عارفە، ٢٢ ساڵ تەمەنمە. بۆ١١ ساڵە لەگەڵ بنەماڵەکەم لە دانیمارک دەژیم . لە بەشی یاسادا دەخوینم و زیاتر لە ٥ ساڵە لە تەنیشت خوێندندا ئیشی مترجمی دەکەم. زیاتر لە ساڵ و نیوێک دەبێ کە لەلایەن حکوومەتەوە دامەزراوم بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو گەنجانە بدەم کە لەگەڵ بنەماڵەکانیان‌ یان بۆ خۆیان کێشەی دەروونیان هەیەو یان ئەوەی کێشەی خۆگونجاندنیان هەیە لە نیوان کولتووری دانیمارکی‌و کولتووری وڵاتەکەی خۆێان . من بۆ خۆم زۆر باش دەزانم کە چەند قۆرسە بتوانی کەسایەتییەک لە خۆت  درووست بکەی، کە بەشی دوو کولتووری جیاوازیان تێدا هەبێ‌و بتوانی لەگەڵ هەر دوو کولتوورەکەدا بە باشی بگۆنجێی. ئەوە بۆ ٢ ساڵە لە بواری دەروونییەوە دەرس دەخوێنم و هەروەها بەڵگەنامەی راوێژکاری دەروونیشم لە تەنیشت خوێندنەکەمدا وەدەستهێناوە. بە هۆی هەبوونی ئەو بەڵگەنامەیەوە لە سەنتەری تایبەت بە ژنان‌ دامەزراوم. من بە شێوەی خۆبەخش لە سەنتەری ژنان " مێدووسا" کار دەکەم. لەو سەنتەرەدا لە بواری دەروونییەوە یارمەتی ژنان دەدەین و هەر بۆ ئەو مەبەستە چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان بۆ ئەو ئافرەتانە کە روو لەو شوێنە دەکەن لە بەرچاو گرتووە. لە داهاتووییەکی زۆر نیزیکش دا خانوویەکی تایبەت بۆ ئەو خانمانەی مەترسییان لە سەرە دەکەینەوە. ئەوە بە کۆرتی پۆختەییەک بوو لە ژیان و کاری من بە گشتی لە ئەورووپا.

١ـ بارودۆخی ژنانی کورد به‌ گشتی له‌ رووی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و پێشکه‌وتنه‌وه‌ چۆن ده‌بینن؟

من هەست بە جیاوازییەکی ئەوتۆی نێوان ژنانی کورد لە ئەورووپا و لە کورستان‌ ناکەم. لە هەر دوو شوێنکەدا هەست بە گەشەی  ئازادی تاکەکەسی دەکەم. هەرچەند کە هێشتا ماوییەتی بگەنە ئاستی مەبەست بەڵام مەودای زۆریش لە نێوانیاندا نەماوە. لەو باوەڕەدام کە ژنانی کورد تارادەییەک خۆیان لەگەڵ ئەو ئازادییانەی کە ژنانی ئەورووپایی لێی بەهرەمەندن گۆنجاندووە.کێشەیەک کە لێرەدا هەیە ئەوەیە کە ئەو خۆگونجاندن و تێکڵاوییە بە شێوەییەکی زۆر باش بەکار نەهێنراوە. هەندێ لەو ژنانەی کە خۆیان لەگەڵ کولتووری ئەورووپاییدا گۆنجاندووە زیاتر شتە خراپ و ناشیرینەکانی کولتووری ئەورووپایان وەرگرتووە( هەموو کولتوورێک شتی جوان و قیزوەنی تێدایە)ئەوە دەبێتە رێگرێک لە بەرانبەر ژنی کۆردا کە بتوانێ لە رێگەی شەهادو و زانستەوە خۆیان لەگەڵ کولتووری ئەورووپادا بگۆنجێنن.هەرچەند باوەڕەی تەواوم بە ئازادی تاکەکەسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاواتم ئەوە بووە کە ژنانی کورد ئەو دەرفەتە بقوازنەوە بۆ پێشخستنی زیاتری کولتوورە جوانەکانی خۆمان، نەک خۆشییە کاتی و زوو تێپەڕەکان.

2 ـ له‌ به‌ستێنه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌ پێی بارودۆخی بنه‌ماڵه‌یی، بۆ ژنان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ مه‌یدانی چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌رپشک بن و خۆیان تێکه‌ڵ به‌ کارو چالاکیی رۆژانه‌ی ژیانی رۆژئاوایی بکه‌ن؟ ٣ ـ ئه‌و به‌ربه‌ست و له‌مپه‌رانه‌ چین؟

 وڵامی پرسیاری ٢و٣: ئەگەر بە وردی سەیری پرۆگرامە ئیدارییەکانی وڵاتێکی وەک دانیمارک بکەین. دەبینین کە چەندین رێکخراوی جۆراوجۆر بە مەبەستی یارمەتی و هاریکاری ژنان دامەزراوە، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن هەڵاواردنەکان کاڵتر، مافەکانیان مسوەگەرتر و هەروەها هاوشانی پیاوان لە ئیدارەی وڵاتدا چالاک بن. زۆرێک لەو رێکخراوانە داکۆکی لەو ژنانە دەکەن کە بە شێوەی جۆراوجۆر دەکەونە بەر مەترسی توندوتیژیی بنەماڵەو کەسە نزیکەکانیان. بەشێک لە کارەکەی من پێوەندی بەو ژن و کچە گەنجانەوەیە کە هەڕەشەی لەو چەشنەیان لەسەرە. بەگشتی جۆرێک هاوشێوەیەی و تێگەیشتن هەیە لەمەڕ زۆربەی ئەو کێشەو ئاستەنگانەی کە ئافرەتانەی رۆژهەڵاتی یان غیرە ئەورووپایی لەگەڵی بەرەوروون. وەک ئاگادارین زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە لەو ناوچانەوە(رۆژهەڵات) دێن بێبەشن لەو ئازادییانەی کە ژنانی ئەورووپا لێی بەهرەمەندن، هەر لەو سۆنگەیەوە هەوڵ دەدرێ بە شێوازی جۆراوجۆر و گۆنجاو یارمەرتییان بدرێ بۆ ئەوەی بتوانن ببن بە بەشێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە. لە بواری کار و چالاکییەوە هەست بە جیاوازییەکی ئەوتۆی نێوان  ئافرەتانی ئەورووپایی و کۆردستان ناکەم. لێرەدا(دانیمارک) زۆر ئافرەت هەن بە هۆکاری جیاواز پارە لە حکوومەت وەردەگرن و کابانی ماڵەوەشن. زۆربەی ئەو ئافرەتە کۆردانی کە توانای کار کردنیان نیە بە شێوەیەک  مووچە لە حکوومەت وەردەگرن. بەڵام کار نەکردنی ژنان لە کوردستان لە بەر نەتوانین نیە بەڵکوو زیاتر لە بەر ئەوەیە کە هاوسەرەکانیان ئیزنی کارکردنیان پێ نادەن. ئە رێگرییانە لێرە زۆر کەمە هەر وەک ئاماژەم پێدا، زۆرێک لە ئافرەتان ئەگەر کاریش نەکەن یان بێکار بوون دەتوانن لە حکوومەت یان لە سەنتەرەکانی تایبەت بە ژنان یارمەتی وەربگرن. بۆ وێنە ئەو سەنتەرەی کە من ئیشی لێ دەکەم زیاتر بۆ پشتگیری ئەو ژنانەیە کە دەیانەوێ لەسەر پێی خۆیان راوەستن، و بە کار کردن لەشوێنی دڵخواز بژیوی ژیانیان سەربەخۆ دابین بکەن. سەرەڕای ئەوانەش، هۆکارێکی دیکەی بێکار بوونی ژنانی و پیاوان کورد لە ئەورووپا نەزانینی زمانی ئەو وڵاتەیە کە تێیدا نیشتەجێن. ئەوەش بۆتە هۆکارێک کە ژنان کورد نەتوانن هاوشانی ژنانی ئەورووپا لە گۆڕەپانەکانی کاردا ئامادە بن و، رۆڵێکی ئەکتیڤ بگێڕن. نەزانینی زمان بەربەستێکی گەلێک مەزنە لە بەرانبەر دۆزینەوەی کار، خۆ گۆنجاندن، تێگەیشتن لەو کولتوورە جیاوازەکانیان. زۆر کەس هەن لەبەر ئاستەمی زمانەکە و فێر نەبوونی بە تەواوی بێ هیوابوون و، وازیان لە فێربوونی زمان و خۆگۆنجاندن لەگەڵ کولتووری دانیمارکی هێناوە، لەبەر ئەوە کۆمەڵێکەیان پێکهێناوە  تەواو جیاواز لە کۆمەڵگاکەی ئەورووپا و کولتووری ئەو وڵاتەی کە لێی نیشیتەجێیە. ئەوەش بۆتە کێشەیەکی زۆر مەزن لە وڵاتی دانیمارک و ئەورپا بەگشتی، هەر بۆیە رێژەی بێکاری لە نێو رەوەندی ژنانی کورد و رۆژهەڵاتی بە تایبەتیتر لە ئاست خەڵکە ئەورووپاییەکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.

٤ـ تا ئێستا نموونه‌ی توندوتیژی بنه‌ماڵه‌یی له‌ ناو ژنانی ئورووپاییدا کیشه‌ و کاره‌ساتی لێ که‌وتۆته‌وه‌ ئه‌م بۆ چ ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

کێشەی دەروونی بۆتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووندوتیژی پیاوان بەرانبەر بە ئافرەتان. هۆی روودانی کاری لەو چەشنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە رەنگە ئەو پیاوانە بۆ خۆیان لە تەمەنی منداڵیدا بەسەرهاتی تاڵ وناخۆشیان بە سەردا هاتبێ. ئەوانەی تووندوتیژی بەکار دەهێنن لە ناخیاندا هەست بە بێ دەسەڵاتییەکی مەزن دەکەن، هەر بۆیە هەڵسووکەوتی لەو چەشنەیان لێ دەوەشێتەوە چوونکە ئەوە بە تەنیا ڕێگای گەیشتن بە ئامانج و مەبەستەکانیان دەزانن. ئەو جۆرە کێشانە تایبەت بە ناوچەکانی رۆژهەڵات نیە، بەڵکوو لە  ناخی ئەورووپاشدا ئەم چەشنە هەڵسووکەوتە بۆتە کێشەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتی، بە زۆرهۆکاری تایبەتییەوە نەخۆشی دەروونی لە ئەورووپادا زۆرە. زۆرێک لەو ئافرەتانەی کە کێشەیان هەیە و سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن خەڵکانی ئەورووپایین. ئافرەتانی ئەورووپایی زۆربەیان ئەو راستییەی کە تووندووتیژیان بەرامبەر ئەنجامدرابێ دەشارنەوە، چوونکە لە ئەورووپادا تووندووتیژی بەرامبەر بە ئافرەت قەدەغەیە و ئەوە بە شتێکی عەیبە دەزانن. هەر بۆیە لەو کێشانەدا  خۆیان بە تاوانباری سەرەکیی دەزانن نە هاوسەرەکەیان، چوون بە دەگمەن کاری لەو چەشنە روو دەدا. بە پێی سەرژمێرییەکانی  ساڵی ٢٠١٤ ، ٤%  ژنانی دانیمارکی سەرەوەی ١٨ساڵ تووندووتیژی جەستەییان بەرامبەر ئەنجامدراوە. هەمیشە تووندوتیژی دەروونی زۆر زیاتر بە ئازارتر لە تووندوتیژی جەستەییە،  یەک لە سیی ژنانی دانیمارکی توندووتیژی جەستەیی و دەروونیان بەرانبەر ئەنجامدراوە.

 

٥ـ ئومێدێک هه‌یه‌ ژنانی کورد به‌ هه‌مان ئارسته‌ فکری و کۆمه‌ڵایه‌تی بتوانن برۆنه‌وه‌ ناو کۆمه‌لگای کوردستان و ببنه‌ رێنمایی که‌ری کیشه‌کانی ژنانی کورد؟

 

بۆ بەرچاوەروونی زیاتر دەمەوێت نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە: ماوەی ساڵ و نیوێک دەبێ کە یارمەتی کچێکی عەرەب دەدەم، ئەو کچە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا تووشی کێشەیەکی گەورە بووە، باوکی تووندووتیژی زۆر بەرامبەر بەکار دەهێنێ، ئاواتی سەرەکیی ئەو کیژۆڵەیە ئەوەیە کە رۆژێک بتوانێ هەموو ئەو ژنانە رزگار بکا کە باروودۆخیان هاوشێوەی ئەویان هەیە. سەرباری ئەوەی توانایی خۆ رزگار کردنیشی نییە. وێنەی ئەو جۆرە کچانە زۆر زۆرە، ئەوە بۆتە هیوایەک بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا یارمەتی ئەو ژن و کچانە بدەن کە بەشێوەییەک بوونەتە قۆربانی تووندووتیژی، لەبەر ئەوەی هەست بە ئێش و ئازارەکانیان دەکەن و باش تێدەگەن لە چ باروودۆخێک دا ژیان دەکەن. زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەو سەنتەرە کار دەکەن بە شێوەییەک تووندووتیژیان بەرامبە ئەنجامدراوە .

 

٦ـ زۆرجار ده‌بینین ژنانی کورد ژیانێکی باشیان بۆ مسۆگه‌ر نابێت و ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ پێکهێنانی ژیانی هاوبه‌ش له‌گه‌ل هاوزمانه‌که‌یه‌تی، ئه‌وه‌ بۆ چ ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

 

یەکێک لەو هۆکارانەی  کە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی ئافرەتان لە هاوسەرگیری  ئەوەیە، کە ئافرەتانی لای ئێمە لە رووی ئازادیەوە رێک چاو لە ئافرەتانی رۆژئاویی دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی پیاوانی لای ئێمە ئامادەنین ئەو ئازادییانەی کە ژنانی رۆژئاوایی هەیانە و لێی بەهرەمەندن بە هاوسەرەکانیان بە رەوا ببینن. ئەو نەگونجاندنە بۆەتە هۆی جیابوونەوەی هاوسەرەکانیان. بە داخەوە ئەو هۆکارە بۆتە هۆی ئەوە کە ژنان لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش دوور بکەنەوەو خۆیان لەو پرۆسەیە بە دوور بگرن.

 

٧- وه‌ک دواین پرسیار، وه‌ک ژنێک که‌ ئاگاداری بارودۆخی ژنانی کورد له‌ وڵاتی دانمارکن، تا ئێستا چ هه‌ولێکی جیدیتان داوه‌ بۆ باشتربوونی بارودۆخی ژنان؟

 

 

ئەگەر بە وردی سەرنجی بدەن لە پرسیارەکانی پێشوودا تیشکم خستۆتە سەرهەموو لایەنەکان و ئەوەی کە  چ رێکارێک بۆ پشتیوانی لە ژنان هەیە. بەڕای من وڵاتێکی وەک دانیمارک زانیاری زۆر لەسەر بارودۆخی ئەو ئافرەتانە هەیە کە لە کولتوورێکی رۆژهەڵاتییەوە هاتوونەتە ناو دانیمارک. هەروەک ئاماژەم پێدا، زۆر یاسا و رێسای جۆراوجۆر دانراوە یان هەیە  بۆ ئەوەی ئەوەی رێگر بن  لە بەرانبەر هەر چەشنە تووندوتیژییەک کە لە نیسبەت بە ئافرەتان ئەنجام دەدرێت.  لەم  هەست پێکردنەدا کێشەیەک کە هەیە  ئەوەیە کە پییانوایە ئەوانەی لە رۆژهەڵاتەوە هاتووەن هەموویان بەرانبەر بە خێزانەکانیان تووندووتیژی ئەنجام دەدەن و هیچ خێزانێکی رۆژهەڵاتی لە ئازادی بەهرەمەند نین و واتای ئازادی و چۆنییەتی رێزدانان بۆ خێزانەکانیان نازانن، لە حاڵێکدا ئەو جۆرە موتڵەقگەراییە شتێکی هەڵە و نابەجێیە.

نموونەی ئەو جۆرە روانینە بەرامبەر بە خەڵکی رۆژهەڵات(لێرەدا مەبەست شەرقییەکان)ە زۆر زۆرە بەداخەوە، بۆ نمونە من رۆژێک کچێک لێی پرسیم تۆ شووت کردووە ؟ منیش وتم نا، ئەویش وتی پێم  سەیرە چونکە ئێوە کچەکانتان لە تەمەنی میرمندڵیدا ئەدەن بە شوو،  بە بیستنی ئەو قسەیە زۆر ناراحەت بووم، چوونکە نموونەی ئەو جۆرە کەسانە کە بەو چەشنە بیر دەکەنەوە زۆرە، بەس ئەوەم پێ دەوترا بڵێم بە هەڵە بیر دەکەیتەوە و هەر کات ویستت لە سەر بابەتێک قسە بکەی لە پێشدا زانیاری درووست و تەواو بە دەست بێنە پاشان قەزاوەت بکە. زۆر بە داخەوە ئاگایانە و نائاگایانە ئەو جۆرە وێنامانە لە بیر و زەینی خەڵکانێک درووستکردووە و پاککردنەوەیان پێویستی بە بەخۆداچوونەوە و هەڵوێستێک جوان و درووستە بەرانبەر بە ژن و منداڵەکانمان.
- یاسا و رێسای دانیمارکیی ئەو دەرفەتەی بۆ ژنان و کچانی دانیمارکیی و غەیری دانیمارکیی رەخساندووە ئەگەر بە شێوەییەک لە لایەن بنەماڵە یان کەسە نیزیکەکانیانەوە تووشی ئازار و ئەسکەنجەی رۆحی و جەستەیی بوون، دەتوانن روو لەو سەنتەر و دامودەزگایانە بکەن کە دەوڵەت بۆیانی دامەزراندووە و لەوێڕا دەتوانن هەر گلەیی و سکاڵاییەکیان هەبێت بەرانبەر بەو کەسانەی ئازاریانداون دەتوانن بیهیننە گۆڕێ بە شێوەی یاسای و قانوونی و بە هاوکاری پۆلیس و دەزگا پێوەندیدارەکان کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن. زۆر جار لە بنەماڵەکانیان دوور دەکەنەوە ئیزن بە دایک و باوک و کەسە نیزیکەکانیان نادەن کە بیانبینن لەبەر ئەوەی دووبارە دەرتانی هەڕەشە و تووندووتیژییان نەبێت بەرانبەر بە ژنەکە یان کچەکانیان. ئەو شوێنانە لە ژێر چاودێری دەوڵەتدایە و یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆیان هەیە دەبێ تا لەو شوێنەدا ژیان دەکەی وەک خۆی یاساکان بەرێوە بەریت، بەڵام زۆر جار ئەو ژن یان لاوانە وەرزو بێتاقەت دەبن و بە ناچاری ئەو شوێنە بە جێی دەهێڵن و دەڵێن دەرۆینەوە بۆ لای بنەماڵەکانمان، لێرەوە دووبارە کێشەکان سەرهەڵدەدەن. هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشانە زیاتر دەگەڕێتەوە کە باوک و دایک یان هاوسەرەکانیان حەز دەکەن منداڵەکانیان بە کەلتووری رۆژهەڵاتی گەورە نەبن بەڵکوو بە فەرهەنگی ناوچەو وڵاتی خۆیان گەورە بن و بجووڵێنەوە کە ئەوە دوو کولتوورییە زۆرجار بۆتە کێشە گەورە وگران لە نێوان بنەماڵەکان.

وته‌ی کۆتایی له‌مه‌ر ژنانی ره‌وه‌ندی کورد و ژیانی ئه‌وان؟


وتەی کۆتایی: لە ئاخردا ئەمەوێت بڵێم کە منیش لەگەڵ ئازادییدام و  هەوڵی تەواوی خۆم ئەدەم بۆ ئەوە کە هەموو ئافرەتان بتوانن ئازاد بن و لە ئازادییانەی کە رەخساو بە شێوەییەکی زۆر باش کەڵکوەربگرن، چوونکە مافی هەموو مروڤێکە کە ئازاد بێ و لە ئازادی بەهرەمەند بێت. بەڵام هیوادارم کە ئافرەتانی کورد بتوانن ئەو ئازادیەی لە پێناو  خزمەت بە داهاتوویی خۆیان و منداڵەکانیان بە کاربێنن. ئاستی رابوون و خوێنەوارییان بەرنە سەر بۆ ئەوەی لە درێژخایەندا بە باشی خزمەتی وڵاتەکەی خۆشیان بکەن.




 

 

 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر