۱۳۹۴ فروردین ۲۵, سه‌شنبه

کچێک کە لە ژێر ساباتی نووسەری(سەرمایە)دا ونبوو


 



ئەلنوور مارکس

ئەلنوور مارکس، گەنجترین کچی کارل مارکس- باوکی کۆمۆنیزم- لە رۆژێکی زۆر ساردی مانگی مارسی ١٩٨٩  کراسە سپییە هاوینەییەکەی کە هۆگرییەکی تایبەتی پێی هەبوو لە بەر کرد و بە خواردنی سیانید( تێکەڵاوێکی مەرگهینەر و نزیک بە سیانوور) لە سەر جێگەکەیدا بۆ هەمیشە سەری ناوە. ئەلنوور- یان بە وتەی هاوڕێ کانی'' تووسی''- ئەگەرچی لە ژێر سێبەری مەزنی باوکیدا کەم و زۆر نادیار بووە،بەڵام بە سەرنجدان بەو کتێب و وتارانەی کە لێی بە جێ ماوەن و هەروەها  ئەو چالاکیانەی کە  لە پێناو بەدیهاتنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی کردوونی، بووە بە یەکێک لە رۆخسار دیار و ناوازەکانی مێژووی سۆسیالیزمی بریتانیا.

وەک دەست پەروەردەی مارکس و فریدریش ئێنگلس، نە تەنیا بە چەند زمانی زیندووی دنیا قسەی دەکرد،  وەک یاریدەرێکیش لە نووسینی کتێب‌دا یارمەتی باوکی دەدا. وەرگیڕان و پێداچوونەوەی کتێبی [سەرمایە] لە ئەستۆی کەس نەبوو جگە لە بچووکترین کچی مارکس. هەروەها ناوبرا یەکەمین کەس بوو کە رۆمانی بە ناوبانگی مادام بواری بەرهەمی گوستاو فلوبێری وەرگێڕایە سەر زمانی ئینگلیزی.

ئەلنوور مارکس و،  یەک ژیان

بەڵام ئەلنوور مارکس چی بە سەر هات بۆ بڕیاریدا لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا کۆتایی بە ژیانی پڕ بەرهەمی خۆی بێنێ؟ ریچڵ هۆلمز نووسەرە فیمینیستی بریتانیایی شەش ساڵ لە کاتی خۆی بۆ وڵامی ئەو پرسیارانە تەرخان کردبوو ، بەرئەنجام،( ژیاننامەییەکی ٥٠٠ لاپەڕەیی بە ناوی ئەلنوور مارکس: یەک ژیان کتێبەکەی پێاهەڵدانێکی دراماتیکە، شەیدا و هۆگری بنەماڵەی مارکس بە تایبەت بچووکترین منداڵیان، ئەلنوور ڕەگێک لە  سۆسیالیزمی بریتانیا لە ناخی‌دایە و هەڵگری بەسەرهاتێکە کە نووسەرەکەی لەو باوەڕەدایە جیهانی نادادپەروەری ئەوڕۆ ، هێشتا بە رادەی سەردەمی مارکس لە رۆژەڤ دایە.

بە پێی کتێبی هۆلمز، ئەوەی کە ئەلنووری کردووە بە رۆخسارێکی جێگەی سەرنج، پێش لەوەی پێوەندی بە کارل مارکسەوە هەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی قووڵی ناوبراو بە سۆسیالیزم و هەوڵە بێوەچانەکانی لە پێناو بیچمگرتنی رێکخراوە کرێکارییەکان و هەروەها باشتر  کردنی دۆخی بژێوەی کرێکارانە. ناوبراو هەمیشە لە شوێنکەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە سەفەر دابوو، تاکوو لە نزیکەوە چاوی بە کرێکاران بکەوێ و دۆخی نالەبار و نادادپەروەریان ببینێت، هەمیشە هەوڵی دەدا بە ئاخاوتنە ئاورین و شۆڕشگێڕییەکانی هەستی ناڕەزاییەتییان بورووژێنێ، بە رادەییەک بەرز بە هەست قسەی دەکرد کە دەنگی دەنووسا زۆر بە زەحمەت دەنگی دەهاتەدەر.

کتێبی هۆلمز لیستێکی دوور و درێژ لە رێکخراوگەلێک دەخاتەڕوو کە ئەلنوور توانیبووی بە ئاخاوتن و رێنویینییەکانی کاریگەری ئەرێنی لەسەر  بیچمگرتنی مانگرتنە کرێکارییەکان  دابنێ، لە کارل مارکس  دەگێڕێتەوە کە وتبووی'' تووسی خودی منە''، هەرچەند ئەگەر  باوکی کاری دارشتنی تیوری دەکرد، کچەکەی  بەشێکی زۆری تەمەنی سەرقاڵی  پراکتیک کردنی سۆسیالیزم بوو.

 زارۆکێک لە خەونی گۆرینی جیهان

ئەلنوور ساڵی    ١٨٥٥  لە لەندەن چاوی بە دنیا هەڵێنا. حەوت ساڵ پێش ئەو رێکەوتە باوکی مانیفیستی کۆمۆنیزمی بڵاوکردەوە و کەمێک دوای ئەو ڕێکەوتە لەگەڵ بنەماڵەکەی پاریسیان بە مەبەستی چوون بۆ لەندەن بە جێهێشت. هەرچەند ئەلنوور لە تەمەنی ١٥ ساڵەییدا بە هۆی دەستکۆرتی بنەماڵە وازی لە خویندن هێنا بەڵام پەروەردە کردنی نەوەستا. ژیان لە نێو بنەماڵەی مارکس‌دا بەو هەموو ئاخاوتنانە، میوانگەلی هزرڤان، کتێب و دەستنووسانەی کە لە کون و قۆژبنی ماڵ‌دا کەوتبوون و  لە بەردەستی‌دا بوون،  وەک وانەی قۆتابخانە وابوون.  لە تەنیشت هەموو ئەوانەی کە لە مەکتەبی باوکی و لە ناو دوکەڵی جگەرە یەک لە دوای یەکەکانیدا‌دا فێر دەبوو، لەگەڵ خۆشکەکانیشیدا و لەژێر چاوەدێری باوکی دووهەمیان(فریدریش ئێنگێلس) ئەدەبیاتی کۆن فێر دەبوون. بە وتوی نووسەری کتێب، ئەگەر بڵێین( ئەلنوور ماتریالیزمی مێژوویی و سۆسیالیزمی هەڵمژیوە و  لەگەڵیدا ژیاوە) ئەوە پیاهەڵدان نیە، بەڵکوو دەرخستنی رێئالیزمانەی ژیان و پەروەدەی بچووکترین منداڵی مارکسە. بەڵام بە تەواوی ژیری و باوەڕی پتەوی ئەلنوور بە(گۆڕینی جیهان)، ئەو هەمیشە لەگەڵ گرێی دەروونی بەرەوڕوو بوو، بۆ وێنە هەمیشە پیاوگەلێک هەڵدەبژارد کە جگە لە ژان و دڵشکان شتێکی ئەوتۆیان لێ نەدەکەوتەوە. راستییەیەک کە ناتەبا بوو لەگەڵ  ئەو وێنا و خەونەی کە نووسەر دەی خستەڕوو( گەرم و گۆڕی ناو بنەماڵەی مارکس).

ئەلنوور  ١٦ ساڵی تێ نەپەڕاند بوو، بە شێوەی فەرمی لە کۆنفرانسە نێو نەتەوەییەکاندا هاوڕێ و یارمەتیدەری باوکی بوو، بەڵام مۆنشیگەری و لێکۆڵینەوە بۆ باوک رازی نە دەکرد لە ئاکامدا لە ١٨ ساڵیدا راپەڕی، ماڵی بە جێهێشت، دەستی بە مامۆستایەتی کرد( بە پێچەوانەی ویستی دایک و باوکی خۆشەویستێکی هەڵبژارد کە دوو بەرابەر خۆی تەمەنی هەبوو؛ رۆژنامە نووسی سۆسیالیستی فەرانسەوی( هیپۆلیت لیزاگاری) ئەو و لیزاگاری پێکەوە کتێبێکیان نووسی بە ناوی( مێژووی کۆمۆنی ١٨٧١) کە مارکس پەسەندی کرد و وەریگێرایە سەر زمانی ئینگلیزی. لەگەڵ ئەوەی کە هێشتا هەر دژی پێوەندی نێوان کچەکەی و لیزاگاری بوو. بەڵام خۆشەویستی نێوانیان زۆری نەخایاند و ئەلنوور  نەخۆش و دڵشکاو لە بێ وەفایی خۆشەویستەکەی گەڕایەوە ماڵ دایک و باوکی. پاش ئەو دۆڕانە بوو کە بە جیدی  دەستی بە چالاکی سیاسی خۆی کرد، زۆر ماندوویی نەناسانە دەستی بە سەفەر کرد، سەبارەت بە مافی پرۆلتاریا دەستی بە ئاخاوتن کرد و وتارگەلێکی زۆر رووناکبیرانەی دەنووسی. سوور بوو لەسەر ئەوە کە،  ئەوەی لە باوەکەکانی واتە مارکس و ئێنگێڵس فێر بوو بوو بیخاتە بواری تاقیکردنەوەوە و لە بریتانیای سەدەی ڤیکتۆریا و هەڵبەتە جیهان شوێنێکی دادپەروەرانەتر درووست بکات.

ئەلنوور لە تەنیشت دۆستە نزیکەکانی پێکهاتوو لە جۆرج بێرنارد شاو، ئۆلیو شیرینێر، هاولاک ئەلیس و ڤیلیام مۆریس لە سەردەمێک دا کە هێشتا مافی دەنگدان، پەروەردە و کار لە زۆرێک لە  ئێشەکانیان نەبوو لە  ریزی کەسایەتییە ناوازە فیکرییەکانی بریتانیای سەدەی نۆزدە و پێشڕەوانی سۆسیالیزمی بریتانیا بە ئەژمار دەهات.

دوای کۆچی دوایی دایک و باوکی و هەتا پێش کۆچی دوایی ئێنگێلس، ئەلنوور وەرگێڕان، پێداچوونەوە و تەنانەت تایپی دەست نووسەکانی کەسانی دیکە بە ئەستۆ بوو تاوەکوو بتوانێ بژێوەی ژیانی دابین بکا، بەڵام ئێنگێڵس دوای خۆی، میراتێکی زۆر و زەوەندی بۆ ئەلنوور بە جێهێشت بەم چەشنە هەلێکی  باشی بۆ  رەخساند تاکوو بە مێشکی ئاسوودەوە  کاتەکانی خۆی بۆ چالاکییە سیاسییەکانی تەرخان بکات.  سەرەڕای باوەڕی قووڵی بە سۆسیالیزم، ئەلنوور فیمینیستێکی باوەڕمەندیش بوو. ئەو بە پێچەوانەی فیمینیستە بۆرژواکان و سۆسیالیستگەلێک کە هیچ بایەخێکیان بە مەسەلەی ژن نەدەدا، ئەو بە راشکاوی باسی  مافەکانی ژنانی کرێکاری دەکرد و پاراستنیان بە یەکێک لە پێویستییە بنەڕەتییەکانی باشبوونی دۆخی هەمەلایەنی کار دەزانی، چینی بۆرژوا نەیتوانیوە یان نەیویستووە یارمەتی وەدیهاتنی مافەکانی ژنانی کرێکار بدات. پێوەندی سۆسیالیزم و فیمینیزم  زیاتر لە هەر شتێک دەتوانین لە کتێبەکەیدا بە ناوی(مەسەلەی ژن: لە گۆشە نیگای سۆسیالیزم)وە ببینین، کتێبێک کە ئەلنوور بە هاوکاری خۆشەویستەکەی(ئێدوارد ئاوکینگ) نووسیویەتی. ناوبراو لەو کتێبەدا ئاماژە بەوە دەدا کە بەدیهاتنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر بە بێ رەچاوکردنی دادپەروەری لە هەقی نیوەی ئەندامانی(ژنان)گۆنجاو نیە. ئەگەرچی ئاوکینگ لە نووسینی یەکێک لە گرینگترین کتێبەکانی‌دا هاوکاری کردووە بەڵام بە شایەتی مێژوو و هەروەها کە هۆلمزیش دووپاتی دەکاتەوە هۆکاری سەرەکیی خۆکۆژییەکەی ناوبراو بووە. ئاوکینگ، ئەکتەر و نووسەرێکی سۆسیالیست بوو کە بە شایەتی نامە بە جێماوەکانی زۆرێک لە دۆستەکانی ئەلنوور یەک لەوان جۆرج برناو شاو هەمیشە نیسبەت بە ناوبراو دڵپیس و بێ باوەڕ بوون.

لە ئاکامدا ئەگەرچی ئەلنوور رێز و سەروەتی خۆی لە پێناو ئاوکینگ‌دا دانا و لەکاتی نەخۆشیشدا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ چاودێری کرد، ئاوکینگ پاش ١٤ ساڵ ژیانی هاوبەش فێڵی لێکرد و بە نەهێنی لەگەڵ ئەکتەرێکی ٢٢ ساڵان ژیانی هاوسەری پێکهینا؛ زەربەیەکی هەژێنەر بوو کە ئەلنوور نەیتوانی تاقەت بێنێ.

 لەگەڵ ئەوەیکە نووسەر رێزو خۆشەویستییەی تایبەتی بۆ بنەماڵەی مارکس هەیە، بەڵام باوکی ئەلنوور  بە تاوانبار دەزانێ لە خۆکۆشتنی کچەکەیدا. بە پێی قسەکانی هۆلمز، ئێنگێڵس پێش لە مەرگی خۆی رازێک بۆ بچووکترین کچی مارکس ئاشکرا کردبوو کە بیر و زەینی ناوبراو و ئەو چاوەڕوانیانەی کە لە دایک و بابی هەبوو تێکرووخان. ئێنگێڵس بە ئەلنووری وتبوو باوکی بە نەهێنی پێوەندی لەگەڵ(لێنچێن) هەبوو. لینچێن خزمەتکارێک کە ساڵیانی ساڵ لەگەڵ بنەماڵەی مارکس‌دا دەژیا و  وەک دایکی دووهەمی منداڵەکانی دەهاتە ئەژمار و، فریدی ئەو کۆڕەی کە هەمووان پێیانوابوو کە  منداڵی ئێنگڵێسە، لە راستییدا بەرهەمی ئەو پێوەندییە ناڕەواییە بوو.

هۆلمز بەڵگە دەهێنێتەوە ئەم دوو خەیانەتە لە لایەن دوو پیاوی خۆشەویستی ژیانی بووە هۆی ئەوە کە خۆ بە دەستەوە بدات و، دەست لە هەوڵەکانی بۆ( گۆڕینی جیهان) هەڵبگرێ و بەم چەشنە مێژووی سۆسیالیزم یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەر و چالاکەکانی خۆی بە هۆی خەمۆکییەوە لە دەست‌دا.
نویسندە: مهدیس امیری

وەرگێڕان: جەلال کیشوەردووست



 ژێدەر: رادیۆ فەردا 



 

 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر