۱۳۹۲ آبان ۲۱, سه‌شنبه

چیم نەدی ...

 لە سەردانێکی تایبەتی‌دا که لەم دواییانە بۆ کوردستان هەمبوو( باشوور) چیم نەدی. پێش هەر شتێک دەبێ وەک تاکێک ئەوه لەزەینی خۆتدا وێنا بکەیت، که من به چ کەوکەبەو دەب دەبەیەکەوە خۆم ئاماده دەکرد، پاش چەند ساڵێک دووری له کوردستان چ ببینم‌و چی بکەم‌. بەتایبەت لە زۆرێک لە ڕاگەیاندراوەکان‌و لەزاری زۆرکەس ‌و لایەنەوه بیستبووم که کوردستان لەهەموو بوارێکەوه گۆڕانی زۆر گەورەی بەخۆیەوه بینیوە. بەڕاستی لە بواری بیناسازی، فرووشگای جۆراوجۆر و ماشینی ئاخرین سیستم که رەنگه له ئەوروپاش به زەحمەت دەست بکەوێ و هەروەها دەوڵەمەندیی لەڕادە بەدەر، بەڵام لە هەمان‌کاتدا به ته واوی مەسرفگەرا و مۆدێل نه بەرهەم هێنەر. بەکورتی له زۆر بوارەوه گۆڕانی بە سەردا هاتبووه، بەڵام له یەک باری گرینگ که دەبوایه ئاڵووگۆڕی قووڵی به سەردا هاتبا و هاوشانی لانیکەمی دەوڵەمەندییەکەی بوایه نەگۆڕا بوو. ئەو لایەنە بواری فیکری بوو وەک خۆتان باشتر ئەزانن بیری مۆدێڕن و موراڵیی پێشکەوتوو چەنده دەتوانێ له پێشڤەچوونی میلله تێک‌دا ڕۆڵی هەبێ، بەڵام مخابن ...له بەر خۆمەوە دەمگوت هەنووکه کوردستان بۆته مەکۆی گەشتیاران و بیریاران به تایبەتی شاری سلێمانی. چوون سلێمانی هەر له سەرەتاوه به مەڵبەندی رووناکبیری و کراوەیی زەینییەوه ناوبانگی دەرچووە. منیش کیسەم بۆ هەڵدووریبووه که لەو ماوه کۆرتەدا بە تەواوی چێژی لێ‌وەربگرم‌و تۆڵەی ئەو چەند ساڵەی غوربەت بکەمەوه، بەڵام هەر له یەکەم بەرخوردیان له فڕۆکەخانه و گیردانی به خۆڕایی به چەشنێک، ئاخرین کەس هێشتیان له فڕۆکەخانه بچمەدەرەوە. ئەوه له کاتێک‌دا  بوو کە من هەموو بەڵگەیەکی یاسایی سەفەرم پێی بوو. زۆرترین گیر پێدانم لەوێوە سەرچاوەی گرت که گوتم من کوردی رۆژهەڵاتم، باوەڕتان هەبێ وەک بێ ئەرزشترین مرۆڤی سەر گۆی زەوی سەیریان دەکردم. دیاره ئەوەم پێشتر له زاری بەشێک له دۆستانم که نیشتەجێی کوردستان بوون بیستبووه، بەڵام باوەڕم نەدەکرد بەو چەشنه و بەو بیرەوه سەیری کوردی رۆژهەڵات بکەن.[سالی که نیکوست از بهارش پیداست] یەکەم بەرداشتی من له فڕۆکەخانەدا بیچمی گرت له دڵی خۆمدا گوتم ڕێوشوێنی ئەمنییەتی زۆر گرینگه و دەبێ هەر بەو چەشنە هەڵسووکوتیان کردبایه. به هەر حاڵ من ئەو کردەوەی پاسەوان و کارگێڕانی ئەو شوێنەم چاوپۆشیم لێ کرد، لەگەڵ ئەوەیکە دڵمیان شکاند بوو. بەشێک له شارستانییەتی هەر میللەتێک له شێوه هەڵسووکەوتی بەڕێوەبەران و کارگێڕانی شوێنه گشتیییەکان و، ئەو شوێنانەی که ڕۆژانه خەڵک سەردانیان دەکەن دەردەکەوێ. له لایەکی دیکەوه خوا نەکات ئیشت بکەوێته ئاسایش یان ئیدارەیەکی دەوڵەتی و له هەمان کاتیشدا بۆ نەگبەتی کوردی روژهەڵاتیش بێت. باوەڕ بکەن زۆر داوای لێبوردن دەکەم وەک جاش و بەکرێگیراو سەیرت دەکەن، وەک کەسێک ماڵ و حاڵی ئەو تاکەت داگیر کردبێت یان به تاڵانت بردبێ سەیرت دەکەن و کارت بۆ رادەپەرێنن. شتێک که بەڕاستی بۆ من گرینگ بوو و سەرنجی منی بۆ لای خۆی راکێشا هەڵسووکەوتی رۆژانەی بەناو عیلمانییەکانی ئەو دەڤەره بوو که کۆپی هەڵسووکەوتی ئیسلامییه فوندەمینتاله دواکەوتووەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بوو، بگره خراپتریش. ئیتر لەوه به دواوه شاری رووناکبیری و زەینکراوەیی شاری سلێمانیم له پێش چاوم کەوت و لەمەوه بەدواوە بەو چەشنه سەیری ناکەم، چوون دروشم‌و کردەوەکانیان لەگەڵ یەک زۆر جیاوازی هەبوو. کاتێکیش پێیان دەڵێیت ئێوه ئەو هەمووە ئیددعا دەکەن، بەڵام  بەو چەشنە نیە و، من لەو ماوەییەدا ئەزموونم کردووە دەڵێی: کاکی خۆم ئەوانه خەڵکه ئەسڵی و ڕەسەنەکەی سلێمانی نین و، خەڵکی دەرەکیی واته گوندنشین و دەشتەکین. به هەر حاڵ و لەکۆتاییدا دەتوانم بڵێم وەک (ئەڵێن) نابێ دارێک بەرچاوت بگرێ و دارستانێک نەبینی. شاهیدی راستەقینەی نووسینەکەم ئەو کورده لێقەوماوانەی رۆژهەڵاتن که بەهەر هۆکارێک روویان له باشوری کوردستان کردوه و، به وڵاتی خۆیانی ئەزانن، بەڵام چۆنچۆنی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن؟! من بۆ خۆم سێ حەوتوو لەوێ مامەوه، بەڵام له دڵەوه بەزەیم بەو کوردانەی رۆژهەڵات‌دا دەهاتەوه و دێتەوه کە ناچارن ئەو دۆخه بەو شێوەی که هەیه قەبووڵی بکەن. چوون زۆریان ئێستا به هەر هۆکارێک که بێت ناتوانن روو له کوردستانی رۆژهەڵات بکەنەوه و،نەخوازراو ئەو مەڵبەندەیان وەک شوێنی دووهەمیان هەڵبژاردوه. له هەمووی ناخۆشتر و بێ‌بەزەییانەتر شێوه رووانینی زۆربەی خەڵکی کوردستانی باشووره بۆ کوردەکانی پارچەکانی دیکه و به تایبەتی‌تر رۆژهەڵاتی کوردستانه. هەر بۆیه بەڵێنم بە خۆمداوە، مەگەر بڵێم چی بێت، ئەگینا بۆ ساتێکیش دووباره روو له ئەو به ناو کوردستانه ناکەمەوە.
 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر